krccima

krccima

ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ژووری بازرگانی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە کەرتی تایبەت پلانی هاوکاری ئابوریی لە گەڵ سعوودیە دەستپێکردووە، وتی کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و سعوودیە پێک دەهێندرێت.
کەیوان کاشفی لە هەشتا و دووەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وتووێژی حکومەت و کەرتی تایبەتی کرماشان، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیەی بە سەرەکیترین پرسی سیاسی و ئابوری وڵات لە یەک مانگی ڕابردوو ناو برد و وتی کە کەرتی تایبەت پێشوازی لەم ڕووداوە گرنگ و ئەرێنییە دەکات.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ئێران و سعوودیە دوو وڵاتی گەورەی ناوچەکەن، وتی کە هاوکاری سیاسی و ئابوریی هەر دوو وڵات بەستێنی سەقامگیری ناوچەکە دابین دەکات.
کاشفی ڕایگەیاند کە کەرتی تایبەت لە ئێستاوە ئامادەکارییەکانی بۆ پەیوەندی و هاوکاری ئابوری لە گەڵ سعوودیە دەستپێکردووە و بۆ ئەمەش ژووری بازرگانی ئێران پلانێکی تایبەتی ئامادە کردووە.
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ژووری ئێران وتی کە سعوودیە لەو وڵاتانەیە کە پێکەوە ژووری هاوبەشی بازرگانیمان نییە و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەوە ڕوو دەدات و هەنگاوێکی گرنگ دەبێت لە پێناو بەرەوپێشچوونی ئامانجە ئابورییەکانی ئێران و سعوودیە.
کەیوان کاشفی وتی: لە پاش کردنەوەی باڵیۆزخانەکان و جێگیربوونی باڵیۆزانی هەر دوو وڵات، ئاڵوگۆڕی شاندە بازرگانییەکانیش دەست پێدەکات.
ناوبراو وتی: سعوودیە ئابورییەکی گەورەیە و تا ئێستا کەڵک لەو دەرفەتە وەرنەگیراوە، بە شێوازێک کە پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی ئێران لە گەڵ ئەم وڵاتە بۆ ساڵانێکی دوور دەگەڕێتەوە کە کۆی گشتی ئاڵوگۆڕەکان تا 200 ملیۆن دۆلار بووە.
وتیشی کە پەیوەندییەکان لە گەڵ سعوودیە دەتوانێت تا ساڵانی داهاتوو، بازرگانییەکی دوو یان سێ ملیار دۆلاری بۆ ئێران بێنێتە پێشەوە.
بە وتەی کاشفی، هەر دوو وڵات لە بوارە جیاجیاکانی وەک نەوت، پترۆکیمیا و کۆمپانیا زانست بنەماکان دەتوانن هاوکاری یەکتر بکەن./.


یەکەم کۆنفرانسی دابینکردنی دارایی ڕۆژئاوای ئێران بە میوانداری کرماشان و بە ئامادەبوون و بەشداری ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی باڵای بۆرسەی وڵات بەڕێوەچوو.

ئەم کۆنفرانسە بە ئامادەبوونی سەرۆکی ڕێکخراوی بۆرسە، کارگێڕی گشتی کۆمپانیای بۆرسەی کاخەزە داراییەکان، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئێران و بەڕێوەبەرانی باڵای بۆرسە و هەروەها چالاکوانانی ئەم بوارە لە سێ پانێلی پسپۆڕانەدا بەڕێوەچوو.

کەیوان کاشفی ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ژووری بازرگانی ئێران یەکێک لە باشترین شێوازەکانی دابینکردنی دارایی کە دەتوانێت شوێنگرەوەی قەرزی بانکی بێت بە کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی بازاڕی سەرمایە ناو برد و وتی کە بەداخەوە تا ئێستا ئەمە لە کرماشان ڕووی نەداوە.

سەرۆکی ڕێکخراوی بۆرسەی ئێرانیش وتی: پلانی ئەوەمان هەیە کە هەلومەرجی وەرگرتن و قبووڵکردنی کۆمپانیاکانی زانست بنەما لە بازاڕی سەرمایەدا ئاسانتر بکەین.

بە وتەی کارگێڕی گشتی کۆمپانیای بۆرسەی کاخەزە داراییەکان، لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوو پشکی بازاڕی سەرمایە لە دابینکردنی دارایی لە سەدا 5 گەیشتووەتە لە سەدا 25 و گەشەی کردووە.

کۆنفرانسەکە لە سێ پانێلدا بەڕێوەچوو:

1 - پانێلی دابینکردنی دارایی کۆمپانیاکانی زانست بنەما لە کۆنفرانسی دابینکردنی دارایی ڕۆژئاوای ئێران.

لەو پانێلەدا ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی زانست بنەما پرسیارەکانی خۆیان سەبارەت بە چۆنیەتی و میکانیزمی قبووڵکردن لە بازاڕی سەرمایە خستەڕوو.

2 - پانێلی قبووڵکردن و دابینکردنی دارایی کۆمپانیاکان لە بازاڕی سەرمایە.

جێگری کۆمپانیای بۆرسە و کاخەزە داراییەکان بە ئاماژە بە بنەماکانی بازاڕی سەرمایەی ئێران وتی: بنەمای سەرەکیی ئەنجومەنی باڵای بۆرسە وەک سیاسەتداڕێژ، بازاڕی سەرمایەیە و پاشان ڕێکخراوی بۆرسە و کاخەزە داراییەکانمان وەک یاسادانەر هەیە.

3- پانێلی تاوتوێکردنی پرۆژەکانی ژێرخانی و ئابوریی پارێزگای کرماشان بە ئامانجی دابینکردنی دارایی لە بازاڕی سەرمایە بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی باڵای بازاڕی سەرمایە.

**** 

 

هەشتا و یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وتووێژی حکومەت و کەرتی تایبەت

***  

هەشتا و یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وتووێژی حکومەت و کەرتی تایبەت لە کۆتایی کۆنفرانسی دابینکردنی دارایی ڕۆژئاوای ئێران بەڕێوەچوو و لەو کۆبوونەوەدا بەڕێوەبەرانی باڵای پارێزگای کرماشان بۆچوونی خۆیان بۆ کەڵک وەرگرتنی شیاوی ئەم پارێزگایە لە دەفرایەتییەکانی بازاڕی سەرمایە خستەڕوو.

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشان لە سەرەتای ئەو کۆبوونەوەدا بە ئاماژە بە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی دابینکردنی دارایی ڕۆژئاوای ئێران، هیوای ئەوەی خواست کە لەمە بە دوا خواستی یەکە ئابورییەکان بۆ پەیوەندیکردن بە بازاڕی سەرمایەوە ببینین.

کەیوان کاشفی بە ئاماژە بە هەوڵەکانی ژووری بازرگانی کرماشان لەم پێناوەدا، ڕایگەیاند: ئەنجامی بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفراسە پیشان دەدات کە بڕیاری گرنگیدانی تایبەت بە بازاڕی سەرمایە، بڕیارێکی درووست بووە.

بریکاری ئەنجومەنی وتووێژی حکومەت و کەرتی تایبەتیش بە ئاماژە بە گرنگیی ئەم ئەنجومەنە لە ئاستی ئێران، وتی: بڕیارەکانی ئەم ئەنجومەنە دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.

حوسێن سەلاح وەرزی گرنگی دابینکردنی دارایی لە ڕێگای بازاڕی سەرمایەوە وەبیرهێنایەوە و وتی: بازاڕی سەرمایە یارمەتیدەری کەرتی ئابوری بووە، لە بەر ئەوەی کە دابینکردن پارە و بودجەی پێوست بەردەوام وەک نیگەرانییەکی چالاکوانانی کەرتی ئابوری بووە.

هەروەها پارێزگاری کرماشانیش لەو کۆبوونەوەدا داوای ئەوەیکرد کە ئاستی زانیاری خەڵک بە تایبەت گەنجان لە سەر بازاڕی سەرمایە بەرز بکرێتەوە و وتی: بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاریی خەڵک و بە تایبەت گەنجان بەستێنی دابینکردنی پرۆژە بچووکەکان دابین دەکات.

بەهمەن ئەمیری موقەدەم وتی: پرۆژە بچووک و خێراکان دەتوانێت لە چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری لە پارێزگای کرماشان ڕۆڵی بەرچاوی هەبێت./.

سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و سوریا وتی کە هیوادارین هەناردەی ئێران بۆ سوریا ئەمساڵ بگاتە 300 ملیۆن دۆلار و دەبێت بەرەو هاوردە لە سوریاوە هەنگاو بنێین تا هاوسەنگی لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات مسۆگەر ببێت.

کەیوان کاشفی بە ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی ساڵی 2011 ی سوریا وتی: ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەرییەکی زۆری لە سەر کەرتی ئابوریی سوریا داناوە و سوریا پێش ڕووداوە ناوخۆییەکان لە بوارە جیاجیاکانی وەک وەبەرهێنان، گەشتیاری و .... زۆر چالاک و ئابورییەکی بەهێزی هەبووە.

بە وتەی ناوبراو، سوریا لانیکەم تا 20 ساڵی داهاتوو لە بواری بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە دەرفەتی کارکردنی هەیە و ئەمەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ کۆمپانیا ئێرانییەکان.

سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و سوریا ڕایگەیاند کە بە هاوکاری کۆمپانیا ئێرانییەکان پرۆژەکانی وەک وێستگەکانی وزە، کارگەی ئارد، سایلۆ، پرد و ڕێگاوبان لە سوریا دەستیپێکردووە.

وتیشی کە دوو کۆمپانیای وەبەرهێنەری ئۆتۆمبێلی ئێرانی بە ناوەکانی ئێران خودڕەو و سایپا ئەگەرچی خۆشبەختانە لە شەڕدا زیانیان بەرنەکەوت بەڵام بۆ ماوەیەک چالاکییەکانیان ڕاگیراوە و هەوڵ دەدەین دیسانەوە دەست بە چالاکی بکەنەوە.

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشان ڕایگەیاند کە کۆنفرانسی ناوچەیی دابینکردنی دارایی ڕۆژئاوای ئێران بە میوانداریی کرماشان بەڕێوە دەچێت.

کەیوان کاشفی ڕایگەیاند کە کۆنفرانسەکە بە هاوکاریی هاوبەشی ژووری بازرگانی کرماشان و کۆمپانیای بۆرسەی تاران لە بەرواری 3 ی سەرماوەزی 1401 ی کۆچی هەتاوی بەڕێوە دەچێت.

ناوبراو وتی کە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە لە سەر چەندین تەوەری سەرەکی دەبێت، وەک وەرگرتنی کۆمپانیاکان لە بازاڕی سەرمایە، دابینکردنی دارایی پرۆژەکانی ڕۆژئاوای ئێران و ئاڵوگۆڕی بیری و ڕای بەڕێوەبەرانی پارێزگای کرماشان لە گەڵ بەڕێوەبەرانی بازاڕی سەرمایەی ئێران./.

لە کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری بازرگانیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا لە گەڵ چالاکوانانی ئابوریی کرماشان جەخت لەوە کرایەوە کە ئاسانکاری بۆ گەیشتنی کاڵا و بەرهەمەکانی کرماشان بۆ بازاڕەکانی تورکیا بکرێت.

ئامانجی ئەو کۆبوونەوەش، ئاشنایەتی زیاتری ڕاوێژکاری هەڵبژێردراوی ئێران لە تورکیا لە گەڵ توانا و وەبەرهێنانی کرماشان، هاوکاری لە پێناو دۆزینەوەی بازاڕی بەکارهێنانی ئەم کاڵا و بەرهەمانە و ئاسانکاری لە پێناو گەیشتنیان بە بازاڕەکانی تورکیا بووە.

داریوش پەناهی ئەمینداری گشتی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی کرماشان بە ئاماژە بە گەشەی ئابوریی تورکیا وتی: تورکیا دەیەوێت تا ساڵی 2033 لە ڕیزی 10 ئابورییە گەورەکەی جیهاندا بێت.

ڕاوێژکاری بازرگانیی ئێرانیش لە ئیستەنبووڵ وتی:توانای ئەوە هەیە کە ڕێژەی هەناردەی ئێران بۆ تورکیا بۆ 15 ملیار دۆلاری ساڵانە بەرز بکەینەوە.

پێشانگای پیشەسازی بیناسازی سلێمانی لە یەکەم ڕۆژی کردنەوەی لە لایەن بەرپرسانی عێراقییەوە پێشوازییەکی بەرچاوی لێکرا و تێڕوانینێکی تایبەتیان لە سەر ئەم پێشانگایە هەبوو.

کەیوان کاشفی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشان و ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ژووری ئێران لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگاکەدا بە ئاماژە بەوەی کە پێشانگای سلێمانی لە بەرواری 5 تا 8 ی ڕەزبەر کراوەیە، وتی کە 70 کۆمپانیای ئێرانی و 12 کۆمپانیای کرماشان لە چوارچێوەی گرووپێکدا لەم پێشانگایەدا بەشدارن.

ناوبراو وتی کە بەشی تایبەت بە ئێران دوو هەزار مەتری چوارگۆشەیە و 230 مەتری دراوەتە کۆمپانیا وەبەرهێنەر و پیشەسازییەکانی کرماشان.

کاشفی ئاماژەشی بە بەشداریی بەرچاوی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و خاوەن پیشەسازییەکان لەم پێشانگایەدا و وتی: هیوادارین ئەم پێشانگایە بتوانێت بازاڕی هەناردەی نوێ بە ڕووی ئێران و یەکە وەبەرهێنەرەکانی پارێزگای کرماشان بکاتەوە.

ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ژووری ئێران وتی: یەکە وەبەرهێنەرەکانی کرماشان لە بواری پیشەسازی بیناسازی بەرهەم و کاڵای بەکوالیتی زۆریان هەیە و ئەمەش دەتوانێت ڕێژەی هەناردەی پارێزگاکە زیاتر بکات.

ناوبراو جەختیکردەوە کە ژووری بازرگانی کرماشان لە پێناو پەرەپێدانی هەناردە، پاڵپشتی لە یەکە وەبەرهێنەرەکان دەکات.

ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ژووری بازرگانی ئێران جەختی لە سەر ئەوە کردووە کە دەبێت پلانێک بۆ قۆناغی پاش واژۆکردنی ڕێکەوتنی دووەمی ناوەکی لەم وڵاتەدا ئامادە بکرێت.
کەیوان کاشفی ڕایگەیاند کە بە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی دوو ڕووداوی گرنگی ئابوری لە ئێراندا ڕوو دەدات و وتی: یەکەم لێکەوتەی زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنەکە دابینکردنی کەشێکی گونجاوە بۆ سەرمایەگوزاری دەرەکی.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشان وتی کە دووەم لێکەوتەی زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی ئەوەیە کە بە گەڕانەوەی سەرچاوە داراییەکانی حکومەت لە وڵاتانی دیکە و دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوت، حکومەت دەتوانێت یارمەتیدەری دۆخی ئابوری وڵات بێت.
کاشفی کەشی ئەرێنی ئابوریی وەبیر هێنایەوە کە لە چاوەڕوانی زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکیدایە و وتی کە لە ئێستاوە دەبێت بۆ کەڵک وەرگرتنی شیاو لەو هەلومەرجە پلانی تایبەتمان هەبێت.

سەرۆکی سەندیکای فەرمانبەرانی تەندرووستی کوردستان ڕایگەیاند کە تا ئێستا لە نزیکەوە لە توانا و تایبەتمەندییەکانی کرماشان لە ڕووی پزیشکی و تەندرووستییەوە ئاگادار نەبووین و دەمانەوێت لە داهاتوودا بە پێی دراوسێبوونمان لە گەڵ ئەم پارێزگایە هاوکارییەکی نزیک و پتەومان هەبێت.
جەبار محەممەد ڕەحیم سەرۆکی سەندیکای فەرمانبەرانی تەندرووستیی کوردستان کە بە یاوەری شاندێک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی کرماشانی کرد، لە کۆبوونەوەی لە گەڵ سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئەم شارە وتی: ئێمە لە هەرێمی کوردستانەوە پێشتر زیاترین ڕێژەی ناردنی نەخۆشمان بۆ تاران و شارەکانی دیکەی ئێران هەبووە و لە نزیکەوە ئاگاداری توانا پزیشکی و تەندرووستییەکانی کرماشان نەبووین ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە نەتوانین لە خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکانی ئەم پارێزگایە کەڵک وەربگرین.
ناوبراو نەبوونی گەشتی ئاسمانیی بە گەورەترین کێشەی بەردەم کەرتی گەشتیاری تەندرووستی لە نێوان هەرێمی کوردستان و کرماشان ناو برد و داوایکرد کە سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشان لە ڕێگای لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەدواداچوون بۆ ئەم کێشەیە بکات.
سەرۆکی سەندیکای فەرمانبەرانی تەندرووستیی کوردستان داوای هاوکاریی پارێزگای کرماشانی لە بواری کردنەوەی خولی فێرکاری بۆ فەرمانبەرانی کەرتی تەندرووستی هەرێمی کوردستان بە تایبەت پەرەستیاران کرد و وتی کە دەبێت کەڵک لە ئاستی بەرزی زانستیی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان وەربگرین

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشان جەختی لە سەر ڕەهەندە ئابورییەکانی گەشتیاری تەندرووستی کردەوە و وتی کە کرماشان دەتوانێت خزمەتگوزاری تەندرووستی و پزیشکی بەکوالیتی لە ئاستی ئیمارات و تورکیا بەڵام بە نرخێکی هەرزانتر بە گەشتیارانی تەندرووستی هەرێمی کوردستان و عێراق پێشکەش بکات.
کەیوان کاشفی ڕۆژی چوارشەممە 17 ی ئابی 2022 لە کۆبوونەوەی لە گەڵ شاندێکی چالاکوانانی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جەبار محەممەد ڕەحیم سەرۆکی سەندیکای فەرمانبەرانی تەندرووستیی کوردستان، بە ئاماژە بەوەی کە گەشتیارانی تەندرووستی لە هەرێمی کوردستانەوە زۆر دەمێکە بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی کرماشان دەکەن وتی کە ئەو سەردانانە زیاتر بە شێوازی کەسی بووە و وەک کارێکی ڕێکخراو و دامەزراوەیی ئیشی لە سەر نەکراوە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ژووری بازرگانی کرماشان لە سێ ساڵی ڕابردوو بەردەوام بەدواداچوونی بۆ ڕێکخستنی کەرتی گەشتیاری تەندرووستی کردووە و هانی نەخۆشخانەکانی کرماشانیشی داوە کە بەشێکی تایبەت بە نەخۆشە نێودەوڵەتییەکان بکەنەوە.
بە وتەی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشان، لە ئێستادا کرماشان لە ڕووی پزیشکی و ناوەندە تەندرووستییەکانەوە دەتوانێت گەشتیارانی تەندرووستی وەربگرێت و باشترین خزمەتگوزاری بە کوالیتی پێشکەش بەوان بکات.
کەیوان کاشفی هەروەها ئاماژەشی بە کێشە و گرفتەکانی بەردەم کەرتی گەشتیاری تەندرووستی لە نێوان کرماشان و هەرێمی کوردستان دا و وتی: یەکێک لە گرنگترین کێشەکان نەبوونی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەر دوو لایە کە هیوادارین بە سەردانی ئەم شاندەی هەرێمی کوردستان، ئەم پەیوەندییە بە شێوازی ڕاستەوخۆ و بەردەوام ببینرێت.
ناوبراو هەروەها جەختی لە سەر چالاکی کۆمپانیاکانی پەیوەندیدار بە کەرتی گەشتیاری تەندرووستییەوە کردەوە و وتی کە ئەزموونی سەرکەوتووی هاوشێوەمان لە نێوان تاران و بەغدا هەیە و دەبێت لە کرماشانیش جێبەجێ بکرێت.
کاشفی دووەم کێشەی بەردەم کەرتی گەشتیاری تەندرووستی کرماشانی بە گواستنەوە ناو برد و وتی کە دەتوانین ئەو هاوئاهەنگییە دابین بکەین کە گەشتیارانی تەندرووستی لە هەرێمی کوردستان بە کەمترین ماتەڵبوون و لە ڕێگای vip ی وشکانییەوە بێنە کرماشان.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشان ڕایگەیاند کە هەوڵەکان بۆ کردنەوەی گەشتی ئاسمانیی نێوان ئەم شارە و سلێمانی بەردەوام دەبێت و ئەگەر هەفتانە دوو گەشت لە نێوان هەر دوو لادا هەبێت دەتوانێت وەڵامدەرەوەی پێویستییەکانی کەرتی گەشتیاری تەندرووستی بێت.
کاشفی وتی کە هاوکارییەکانمان لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە سێ بواردا بەدواداچوونی بۆ دەکرێت: یەکەم، فێڕکاری و ڕاهێنانی هێزی پسپۆڕ بۆ هەرێمی کوردستان لە لەم بوارەدا پێویستە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان پلانی خۆی دیاری بکات. دووەم، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە نەخۆشەکانی هەرێمی کوردستان کە دەبێت لە سەر ئەمەش دوو کاری سەرەکی بکرێت، سەرەتا دەبێت نەخۆش لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە ببینرێت و کارە سەرەتاییەکان و پشکنینەکانی بۆ بکرێت و پاشان ڕەوانەی کرماشان بکرێت و لەمەش گرنگتر دەبێت پلانێکی تایبەت بۆ گواستنەوەی نەخۆشەکانی هەرێمی کوردستان لە سنورەوە تا ناوەندە تەندرووستی و نەخۆشخانەکان هەبێت و باشترە ئەمەش لە لایەن ناوەندە تەندرووستییەکانەوە بێت.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشان وتی کە لە سەدا 90 ی گەشتیارانی تەندرووستی لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بە ئامانجی نەشتەرگەری دێنە کرماشان و پێویستە نەخۆشخانەکان لەم ڕێگایەدا بۆ هاتن و تەنانەت ڕۆیشتنی ئەوان ئاسانکاری و هاوکاری بکەن.
کاشفی سێهەم بەشی هاوکارییە تەندرووستییەکانی بۆ ناردنی پزیشکانی ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان ناو برد و وتی کە ئەزموونێکی سەرکەوتوو ساڵانی ڕابردوو لەم بوارەدا و بۆ نەخۆشییەکانی چاو لە شاری کەلار جێبەجێ کراوە و دەتوانێت لە بوارەکانی دیکەش دووبارە بکرێتەوە./.

ئەو گەنجە کرماشانییەی کە لە کێبڕکێی ئەمساڵی دەرچوون بۆ زانکۆکانی ئێران پلەی یەکەمی لە سەر ئاستی وڵات بە دەست هێنا، لە لایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشانەوە ڕێزی لێگیرا.
ڕۆژی شەممە 6 ی ئابی 2022 بە ئامادەبوونی کەیوان کاشفی سەرۆکی ژووری بازرگانی کرماشان، ڕێز لەو گەنجە کرماشانییە گیرا کە لە سەر ئاستی ئێران پلەی یەکەمی بە دەست هێناوە.
ژرووی بازرگانی کرماشان ڕایگەیاندووە کە پاڵپشتی لەو گەنجە بە ئامانجی ڕێزگرتنە لە هەوڵ و تێکۆشانی زانستیی مێرمنداڵان و گەنجانی ئەم پارێزگایە و لە ڕیزی کردەوە ڕۆشنبیری و زانستییەکانی پەرلەمانی کەرتی تایبەت لە کرماشان دادەنرێت.
ژووری بازرگانی کرماشان لە پێناو جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیاریەتییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی، ڕێزی لە محەممەد بەهرامی گرت، ئەو گەنجە کرماشانییەی کە لە بواری زانستە مرۆڤییەکان لە سەر ئاستی ئێران پلەی یەکەمی بە دەست هێنا. ژووری بازرگانی کرماشان بە پێدانی خەڵات و ڕێزلێنانی تایبەت، ئەرکی خۆیی لەو بوارەدا بە جێهێنا.
ڕێزلێنان لەو گەنجە سەرکەوتووە لە لایەن کەیوان کاشفی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشان و ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی ژوور و هەروەها سەڵمان محەممەدی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای کرماشان و چەندین جێگری ناوبراو بەڕێوەچوو تا ئەم گەنجە لە سەرەتای ڕێگای پێشکەوتن لە بایەخ و گرنگیی پێگەی زانستیی خۆی بە تایبەت لە ڕووی کۆمەڵایەتییە تێبگات و لە لایەکی دیکەوە هەستی پابەندبوون بە خاک و وڵات و پارێزگاکەشی هەبێت و لە بونیادنان و ئاوەدانیی داهاتووی نیشتمان ڕۆڵی کاریگەری لە گەڵ ئەوانەی دیکە هەبێت کە لە خەمی پێشکەوتنی ئێرانی ئیسلامیدان.

صفحه1 از2