یکشنبه, 25 ارديبهشت 1401 08:29

سنورە بازرگانییەکان

ناوەندی بازرگانیی نێودەوڵەتی خۆسرەوی

خاڵی سنوری نێودەوڵەتی خۆسرەوی لە ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان و لە 190 کیلۆمەتری ناوەندی پارێزگا 15 کیلۆمەتری شاری قەسری شیرین و لە دراوسێیەتی شاری خانەقین (پارێزگای دیالەی عێراق) دایە.

ئامانج لە کردنەوەی ئەم خاڵە سنورییە بە پێی ئەو دیزاینەی لە سەرەتادا بۆی کراوە، گواستنەوەی ڕاستەوخۆی کاڵا بووە بەڵام لە ئێستادا کاڵای ئێرانی بە شێوازی ترانشیمێنت و لە ناو خاکی عێراق دەگوازرێتەوە.

لە ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی، هەناردە لەم خاڵە سنورییەوە زیاتر لە 687 ملیۆن دۆلار بە کێشی 1625 هەزار تەن بووە.

لە ئێستادا خاڵی گومرکیی ئەم سنورە توانای هەناردەی ڕۆژانە نزیکەی 500 بارهەڵگر کاڵای هەیە.

گرنگترین ئەو کاڵایانەش کە لە ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی لە خاڵی سنوریی خۆسرەوییەوە هەناردەی عێراق کراوە، بریتین لە: کاشی و سیرامیک، میوە و بەروبومەکان، ئاسن، بەردی بیناسازی، بۆری و کەرەستەی پێویستی بیناسازی و قاپ و پێداویستی سەفەری.

لە سەرەتای چالاکیی خاڵی سنوری خۆسرەوی، هاتووچۆی گەشتیارانیش هەبووە و زیارەتکاران، گەشتیاران و بازرگانانی هەر دوو وڵات و تەنانەت وڵاتانی دیکەش بۆ هاتووچۆ ئەم خاڵە سنورییەیان بەکار هێناوە.

 

خاڵی سنوریی فەرمی پەروێزخان

خاڵی سنوریی فەرمی پەروێزخان لە ساڵی 1376 ی کۆچی هەتاوی (1997) کراوەتەوە. ئەم خاڵە سنورییە لە مەودای 175 کیلۆمەتری کرماشان و لە ڕۆژئاوای ئەم پارێزگایەدایە، هەروەها لە 3 کیلۆمەتری شاری قەسری شیرینە.

خاڵی سنوریی پەروێزخان لە 25 کیلۆمەتری شاری کەلار (ناوەندی ئیدارەی گەرمیان) و 135 کیلۆمەتری شاری سلێمانیدایە.

ئەم سنورە لە ئێستادا بە چالاکترین خاڵی سنوریی وشکانی ئێران لە گەڵ عێراق دادەنرێت. ڕێژەی هەناردەی کاڵا لەم سنورەوە لە ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی زیاتر لە 1022 ملیۆن دۆلار و کێشی 1.3 ملیۆن تەن جۆرەکانی کاڵا بووە.

پەروێزخان کەوتووەتە تەنیشت ناوچەی ئازادی بازرگانیی قەسری شیرین و ئاسۆیەکی ڕوونی لە ڕووی ئابورییەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا هەیە. سەرجەم شێوازە گومرکییەکانی وەک ترانزێت، هاتووچۆی خەڵک و گەشتیاران، هاتووچۆی کاتی و هەناردە و هاوردە لەم خاڵە سنورییەدا دەکرێت.

زیاترین ئەو کاڵایانەش کە لە پەروێزخانەوە لە ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی هەناردە کراوە، بریتین لە: میوە و بەروبومەکان، کاشی و سیرامیک، جۆرەکانی ئاسن، بەرهەمەکانی پترۆکیمیا، شیرەمەنییەکان، دۆشاوی تەماتە و جۆرەکانی شیرینی.

هەناردەی کاڵا لە ئێستادا لەم خاڵە سنورییەوە بە شێوازی ترانشیمێنت و لە خاکی عێراق دەکرێت و بە شێوازی مامناوەند ڕۆژانە زیاتر لە هەزار بارهەڵگر کاڵای جۆربەجۆر و سووتەمەنی هەناردە دەکرێت.

لە ساڵانی ڕابردوو ژێرخانی پێویست لە خاڵی سنوریی پەروێزخان درووست کراوە و بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیەش، دەفرایەتی بازرگانیی سنورەکە بە شێوازی بەرچاو بەرز دەبێتەوە.

 

خاڵی سنوریی سۆمار

خاڵی سنوریی فەرمی سۆمار لە مەودای 5 کیلۆمەتری شاری سۆماری سەر بە قەزای گێڵانی ڕۆژئاوا و لە مەودای 67 کیلۆمەتری ئەم شارە و 220 کیلۆمەتری کرماشان و هەروەها لە مەودای 18 کیلۆمەتری شاری مەندەلی و 171 کیلۆمەتری بەغدا لە دراوسێیەتی پارێزگای دیالەی عێراقدایە.

ئەم خاڵە سنورییە نزیکترین مەودای جوگرافیی لە گەڵ وڵاتی عێراق هەیە و بەستێنێکی گونجاوی بۆ پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان هەیە.

هەناردەی ئەم خاڵە سنورییە زیاتر بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقە و لەم ڕووەشەوە پێگەیەکی گرنگی هەیە کە لە ئەگەری هەبوونی ژێرخانی پێویست بە تایبەت ڕێگاوبان و پێداویستییە سنورییەکان، دەتوانێت زیاتر لە ئێستا ئاڵوگۆڕی تێدا بکرێت. لە ئێستادا ئاڵوگۆڕەکان لەم خاڵە سنورییە بە شێوازی ترانشیمێنت دەکرێت.

لە ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی لەم سنورەدا زیاتر لە 530 ملیۆن دۆلار کاڵا بە کێشی 1.3 ملیۆن تەن هەناردە کراوە بەڵام دەفرایەتی ئێستای دوو هێندەی ئەم ڕێژە دەبێت. زیاترینی ئەو کاڵایانەش کە لە ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی هەناردە کراوە، بریتین لە: کاشی و سیرامیک، جۆرەکانی ئاسن، بەردی بیناسازی، شیرەمەنییەکان و بەرهەمە پلاستیکییەکان.

 

خاڵی سنوریی شۆشمێ
خاڵی سنوریی شۆشمێ لە 160 کیلۆمەتری کرماشان و 35 کیلۆمەتری شاری پاوەدایە.
ئەم خاڵە سنورییە کەوتووەتە نزیک ناحیەی تەوێڵەی هەرێمی کوردستان لە 30 کیلۆمەتری شاری هەڵەبجە، ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە، و لە 90 کیلۆمەتری شاری سلێمانیدایە.
خاڵی سنوریی شۆشمێ لە ساڵی 1371 ی کۆچی هەتاوی چالاکی خۆیی وەک بازاڕچە دەستپێکرد.
خاڵی سنوریی شۆشمێ لە ساڵی 1398 ی کۆچی هەتاوی لە لایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە فەرمی ڕاگەێندرا بەڵام لە لایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە هێشتا وەک بازاڕچە دەناسرێت.
ڕێژەی هەناردەی ئەم خاڵە سنورییە لە ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی، 42 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بە کێشی 298 هەزار تەن بووە و مامناوەندی هاتنی ڕۆژانەی بارهەڵگرەکانیش بۆ ئەم سنورە نزیکەی 70 بارهەڵگر بووە.
گرنگترینی ئەو کاڵا و بەرهەمانەی لەم خاڵە سنورییەوە هەناردە دەکرێن، بریتین لە: وشکەبار، میوە و سەوزەجات، گەچی بیناسازی، خاکی ئاسن و خشت.
ئەم خاڵە سنورییە لە ڕووی پێگەی جوگرافی و سرووشتی جوانی ناوچەکەوە، دەفرایەتییەکی گونجاوی بۆ هاتووچۆی گەشتیاران، بازرگانان و گەشتیارانی تەندرووستی هەیە.
لە ئەگەری ڕێکەوتنی هەر دوو حکومەتی ئێران و عێراق و هاتووچۆی گەشتیاران و خەڵک، دەتوانین گەشەی ئابوری ناوچەی هەورامان، دابینکردنی هەلی کار و باشتربوونی بژێوی ژیانی خەڵکی ناوچەکە لە کورت ماوەدا ببینین

 

خاڵی سنوریی شێخ سڵە

خاڵی سنوریی شێخ سڵە لە قەزای سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان و لەو 45 کیلۆمەتری شاری تازەئاوای ناوەندی ئەم قەزایەدایە.
ئەم خاڵە سنورییە لە ساڵی 1371 ی کۆچی هەتاوی وەک بازاڕچە دەستی بە چالاکییەکانی کرد و هەروەها لە ساڵی 1398 ی کۆچی هەتاوی لە لایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە فەرمی ناسرا بەڵام هێشتا لە لایەن حکومەتی عێراقەوە وەک بازاڕچە سەیر دەکرێت.
ڕێژەی هەناردەی ئەم خاڵە سنورییە لە ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی، 409 ملیۆن دۆلار بە کێشی 774 هەزار تەن بووە.
گرنگترینی ئەو کاڵا و بەرهەمانەش کە لەم خاڵە سنورییەوە هەناردە کراون، بریتین لە: کاشی، سیرامیک، بەرهەمە پلاستیکییەکان، قاپی شوشەیی، پێڵاو، خوێی پیشەسازی و .... .
ڕۆژانە 150 تا 200 بارهەڵگر کاڵا دەبەنە ئەم خاڵە سنورییە کە لە ئەگەری چاککردنی ڕێگاوبانەکەی و هەروەها تەواوکردنی ژێرخانەکانی پێویست بە تایبەت هێڵی ئینتەرنێت، دەکرێت توانا و دەفرایەتییەکانی تا دوو هێندەی ئێستا بەرز بکرێتەوە./.