Print this page
پنج شنبه, 27 مرداد 1401 04:22

دەمانەوێت کەڵک لە توانا و ئەزموونە پزیشکییەکانی کرماشان وەربگرین

Written by
Rate this item
(0 votes)

سەرۆکی سەندیکای فەرمانبەرانی تەندرووستی کوردستان ڕایگەیاند کە تا ئێستا لە نزیکەوە لە توانا و تایبەتمەندییەکانی کرماشان لە ڕووی پزیشکی و تەندرووستییەوە ئاگادار نەبووین و دەمانەوێت لە داهاتوودا بە پێی دراوسێبوونمان لە گەڵ ئەم پارێزگایە هاوکارییەکی نزیک و پتەومان هەبێت.
جەبار محەممەد ڕەحیم سەرۆکی سەندیکای فەرمانبەرانی تەندرووستیی کوردستان کە بە یاوەری شاندێک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی کرماشانی کرد، لە کۆبوونەوەی لە گەڵ سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئەم شارە وتی: ئێمە لە هەرێمی کوردستانەوە پێشتر زیاترین ڕێژەی ناردنی نەخۆشمان بۆ تاران و شارەکانی دیکەی ئێران هەبووە و لە نزیکەوە ئاگاداری توانا پزیشکی و تەندرووستییەکانی کرماشان نەبووین ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە نەتوانین لە خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکانی ئەم پارێزگایە کەڵک وەربگرین.
ناوبراو نەبوونی گەشتی ئاسمانیی بە گەورەترین کێشەی بەردەم کەرتی گەشتیاری تەندرووستی لە نێوان هەرێمی کوردستان و کرماشان ناو برد و داوایکرد کە سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشان لە ڕێگای لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەدواداچوون بۆ ئەم کێشەیە بکات.
سەرۆکی سەندیکای فەرمانبەرانی تەندرووستیی کوردستان داوای هاوکاریی پارێزگای کرماشانی لە بواری کردنەوەی خولی فێرکاری بۆ فەرمانبەرانی کەرتی تەندرووستی هەرێمی کوردستان بە تایبەت پەرەستیاران کرد و وتی کە دەبێت کەڵک لە ئاستی بەرزی زانستیی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان وەربگرین

Read 200 times