Print this page
پنج شنبه, 27 مرداد 1401 04:19

کەیوان کاشفی: نرخی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لە کرماشان هەرزانترە لە وڵاتانی دراوسێی عێراق

Written by
Rate this item
(0 votes)

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشان جەختی لە سەر ڕەهەندە ئابورییەکانی گەشتیاری تەندرووستی کردەوە و وتی کە کرماشان دەتوانێت خزمەتگوزاری تەندرووستی و پزیشکی بەکوالیتی لە ئاستی ئیمارات و تورکیا بەڵام بە نرخێکی هەرزانتر بە گەشتیارانی تەندرووستی هەرێمی کوردستان و عێراق پێشکەش بکات.
کەیوان کاشفی ڕۆژی چوارشەممە 17 ی ئابی 2022 لە کۆبوونەوەی لە گەڵ شاندێکی چالاکوانانی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جەبار محەممەد ڕەحیم سەرۆکی سەندیکای فەرمانبەرانی تەندرووستیی کوردستان، بە ئاماژە بەوەی کە گەشتیارانی تەندرووستی لە هەرێمی کوردستانەوە زۆر دەمێکە بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی کرماشان دەکەن وتی کە ئەو سەردانانە زیاتر بە شێوازی کەسی بووە و وەک کارێکی ڕێکخراو و دامەزراوەیی ئیشی لە سەر نەکراوە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ژووری بازرگانی کرماشان لە سێ ساڵی ڕابردوو بەردەوام بەدواداچوونی بۆ ڕێکخستنی کەرتی گەشتیاری تەندرووستی کردووە و هانی نەخۆشخانەکانی کرماشانیشی داوە کە بەشێکی تایبەت بە نەخۆشە نێودەوڵەتییەکان بکەنەوە.
بە وتەی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشان، لە ئێستادا کرماشان لە ڕووی پزیشکی و ناوەندە تەندرووستییەکانەوە دەتوانێت گەشتیارانی تەندرووستی وەربگرێت و باشترین خزمەتگوزاری بە کوالیتی پێشکەش بەوان بکات.
کەیوان کاشفی هەروەها ئاماژەشی بە کێشە و گرفتەکانی بەردەم کەرتی گەشتیاری تەندرووستی لە نێوان کرماشان و هەرێمی کوردستان دا و وتی: یەکێک لە گرنگترین کێشەکان نەبوونی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەر دوو لایە کە هیوادارین بە سەردانی ئەم شاندەی هەرێمی کوردستان، ئەم پەیوەندییە بە شێوازی ڕاستەوخۆ و بەردەوام ببینرێت.
ناوبراو هەروەها جەختی لە سەر چالاکی کۆمپانیاکانی پەیوەندیدار بە کەرتی گەشتیاری تەندرووستییەوە کردەوە و وتی کە ئەزموونی سەرکەوتووی هاوشێوەمان لە نێوان تاران و بەغدا هەیە و دەبێت لە کرماشانیش جێبەجێ بکرێت.
کاشفی دووەم کێشەی بەردەم کەرتی گەشتیاری تەندرووستی کرماشانی بە گواستنەوە ناو برد و وتی کە دەتوانین ئەو هاوئاهەنگییە دابین بکەین کە گەشتیارانی تەندرووستی لە هەرێمی کوردستان بە کەمترین ماتەڵبوون و لە ڕێگای vip ی وشکانییەوە بێنە کرماشان.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشان ڕایگەیاند کە هەوڵەکان بۆ کردنەوەی گەشتی ئاسمانیی نێوان ئەم شارە و سلێمانی بەردەوام دەبێت و ئەگەر هەفتانە دوو گەشت لە نێوان هەر دوو لادا هەبێت دەتوانێت وەڵامدەرەوەی پێویستییەکانی کەرتی گەشتیاری تەندرووستی بێت.
کاشفی وتی کە هاوکارییەکانمان لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە سێ بواردا بەدواداچوونی بۆ دەکرێت: یەکەم، فێڕکاری و ڕاهێنانی هێزی پسپۆڕ بۆ هەرێمی کوردستان لە لەم بوارەدا پێویستە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان پلانی خۆی دیاری بکات. دووەم، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە نەخۆشەکانی هەرێمی کوردستان کە دەبێت لە سەر ئەمەش دوو کاری سەرەکی بکرێت، سەرەتا دەبێت نەخۆش لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە ببینرێت و کارە سەرەتاییەکان و پشکنینەکانی بۆ بکرێت و پاشان ڕەوانەی کرماشان بکرێت و لەمەش گرنگتر دەبێت پلانێکی تایبەت بۆ گواستنەوەی نەخۆشەکانی هەرێمی کوردستان لە سنورەوە تا ناوەندە تەندرووستی و نەخۆشخانەکان هەبێت و باشترە ئەمەش لە لایەن ناوەندە تەندرووستییەکانەوە بێت.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشان وتی کە لە سەدا 90 ی گەشتیارانی تەندرووستی لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بە ئامانجی نەشتەرگەری دێنە کرماشان و پێویستە نەخۆشخانەکان لەم ڕێگایەدا بۆ هاتن و تەنانەت ڕۆیشتنی ئەوان ئاسانکاری و هاوکاری بکەن.
کاشفی سێهەم بەشی هاوکارییە تەندرووستییەکانی بۆ ناردنی پزیشکانی ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان ناو برد و وتی کە ئەزموونێکی سەرکەوتوو ساڵانی ڕابردوو لەم بوارەدا و بۆ نەخۆشییەکانی چاو لە شاری کەلار جێبەجێ کراوە و دەتوانێت لە بوارەکانی دیکەش دووبارە بکرێتەوە./.

Read 204 times